کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابیننەکردنی بیمە و تێچووی دەرمانی نەخۆشانی MS لە کرماشان

11:57 - 23 رەزبەر 2726

بەهۆی داڕمانی ئابووری و کەمتەرخەمیی بەردەوامی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاستی بیمە بۆ دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بەهیچ جۆرێک وڵامدەرەوەی هەڵکشانی سەرسووڕهێنەری تێچووەکان نییە و نەخۆشانی MS لە پارێزگای کرماشان کەوتوونەتە ژێر گوشاری قورسی داراییەوە.

مەهشید عەزیزی، بەڕێوەبەری دەزگای «ماڵی MSی کرماشان» ڕایگەیاند کە لەم پارێزگایەدا ٢ هەزار و ٤٨٠ نەخۆشی تۆمارکراوی MS هەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە زیادبوونی نرخی دەرمان، تەواونەبوونی بیمەکان، دواکەوتنی پارەدان لەلایەن بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییەوە، و گرانیی خزمەتگوزارییەکانی توانابەخشین، فیزیۆتراپی، تاقیکاری، بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی بنەماڵە کەمدەرامەتەکان.

پشتگوێخستنی جێبەجێکردنی مافە سەرەتاییەکانی تەندروستیی خەڵکی کوردستان لەکاتێکداایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان میلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانیکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە بەفیڕۆ دەدات.