لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە ناوەکانی کاوە مونتەزێری و عەتا قوبادی کە هەردووکیان خەڵکی ئاوایی «شایەنی»ن و کیانووش محەممەدی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و شەهرزاد ڕەزایی خەڵکی سنە و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی ڕەزبەر، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری کامێران هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکان و شوێنی کاری کاوە مونتەزێری و بەبێ هۆکار دەسبەسەریان کردووە.
هاوکات، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی عەتا قوبادی لە ئاوایی شایەنی و دوای پشکنینی ماڵەکە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ناوبراو لە ئەندامانی بنەماڵە مافویستەکانی کوردستانە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیانووش محەممەدی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان و دەسبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی وردی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای سنە بە دەرکردنی بڕیارێک بە تۆمەتی ئەمنی لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی»، چالاکی مەدەنی و بوارەکانی ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی «ژن، ژیان، ئازادی» و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، داوای لێکردووە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی یان بەردەوامیدان بە ڕێکارە دادوەرییەکانی ڕێژیم خۆی بناسێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دوای بانگکردنی بەردەوام، هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هەوڵدان بۆ دەسبەسەرکردنی دوو منداڵە مێرمنداڵەکەی و دۆسییەسازی لە دژی «شەهرزاد ڕەزایی» و هاوسەرەکەی «شاهۆ ئۆسکوویی»، ئەم بنەماڵەیە ناچار بە بەجێهێشتنی ئێران بوون. بەپێی ئاگاداریی تەواوی دەسەڵات لە چوونەدەرەوەی ناچاریی ئەم بنەماڵەیە لە وڵات، دامەزراوە ئەمنییەکان ژمارەی مۆبایل و هەژمارە بانکییەکانیانیان بلۆک کردووە و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان گەڕاندنەوەیان بۆ ئێرانیان داوە.