عەلی ئەلئەمین، پیاوی ئایینیی دیاری شیعەی لوبنان و موفتیی پێشووی سوور و جەبەل عەمیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحەدەس ڕایگەیاند کە زۆرینەی شیعەکانی ئەم وڵاتە پشتگیری لە ڕادەستکردنی چەکی حیزبوڵڵا بە دەوڵەتی لوبنان دەکەن.
ناوبراو هەروەها داوای بەهێزکردنی پێگەی دەوڵەتی لوبنان و پشتگیریکردن لە پیلانی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت بەسەر سەرجەم ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا کردەوە.
ئەلئەمین یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوە ئایینییەکانی شیعەی لوبنان و یەکێکە لە ڕەخنەگرانی کۆنی حیزبوڵڵا و هەژموونی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا.
ناوبراو هەموو کات جەختی لەسەر پێویستیی قۆرخکردنی چەک لە دەست دەزگا فەرمییەکانی لوبناندا کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەسەر بنەمای ڕاپرسیی پەیمانگەی «ستاتیستیکس لوبنان»ی بلاو کراوەتەوە، ٦٦.٤ لەسەدی بەشداربووانی شیعە پشتگیرییان لە ڕادەستکردنی چەکەکانی حیزبوڵڵا بە دەوڵەت کردووە، لە کاتێکدا ٢٩.٦ پێداگرییان لەسەر داوای پاراستنی دۆخی ئێستایان کردووە.
ئەلئەمین، بەستراوەیی حیزبوڵڵای بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکییەکانی ڕادەستکردنی چەکەکانی ئەم گرووپە زانی و جەختی کردەوە کە سیاسەتەکانی زیانی بە لوبنان، کۆمەڵگەی شیعەکان و پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ جیهانی عەرەبی گەیاندووە.
ناوبراو هەروەها حیزبوڵڵای بە بەرپرسیار لە کێشکردنی لوبنان بۆ ناو شەڕی بەناو «پشتیوانیکردن لە غەززە» بێ ڕەزامەندیی دەوڵەت و خەڵکی ئەم وڵاتە زانی.
ئەم لێدوانانە لە دۆخێکدا دەدرێن کە دەوڵەتی لوبنان جەخت لەسەر قۆرخکردنی چەک لە دەست دەزگا فەرمییەکاندا دەکاتەوە.
شەڕی ئەم دواییانەی حیزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل، وێرانبوونی ناوچە جیاوازەکانی لوبنان، ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و زیانە ئابوورییەکان، ڕەخنەکانی لە ڕۆڵی سەربازیی حیزبوڵڵا زیاد کردووە و داهاتووی چەکەکانی ئەم گرووپەی کردووە بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکییە سیاسییەکانی لوبنان.