بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵدەریی "ئەلحەدەس"، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلانی هەیە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی وردی دارایی و ئیدارییەوە، دەستی نزیکەی ٥٠ هەزار کەس لە ئەندامانی حەشدی شەعبی لەو گرووپە چەکدارانە جیا بکاتەوە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتی عێراق و هاوپەیمانیی "چوارچێوەی هەواهەنگی" گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک؛ بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، دابینکردنی مووچەی ئەو هێزانە ڕاناگیرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی پەیوەندیی ڕێکخراوەییان بە تاران و فەرماندە میلیشیاکانەوە دەکرێت.
ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو چەکدارانە دەگرێتەوە کە سەر بە گرووپە توندئاژۆکانی وەکوو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و عەسائێبی ئەهلی حەقن، کە سەرجەمیان وەک باڵی سەربازی و هەواڵگریی ڕێژیمی ئێران لە عێراق دەناسرێن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی بەغدا ئەوەیە کە بەبێ تێکهەڵچوون و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەکاندا، حەشدی شەعبی هەنگاو بە هەنگاو بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی فەرمیی دەوڵەتەوە.