سەرەڕای سەختی و نالەباریی ڕێگاوبان، ساردوسڕیی زستان و گەرمای هاوین، ١٥ ساڵە ١١ قوتابیی ئاوایی «درەچەپی» سەر بە شاری برووجێرد لەناو کانێکسی بچووکدا خەریکی خوێندنن و لە مافی ژینگەیەکی ئارام، قوتابخانەیەکی ستاندارد و باش بێبەشن.
ئەم دۆخە نالەبارەی خوێندنی قوتابییان لوڕستان لەکاتێکدایە کە فەرمانداری برووجێرد، قودرەتوڵڵا وەلەدی، لە لێدوانێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە حکوومەت، گرنگیی جیددیی بە دروستکردنی قوتابخانە و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان لە ناوچە کەمتر پەرەسەندووەکاندا داوە.
ناوبراو سەرەڕای ئەو بانگەشەیە داوای لە خێرخوازان کردووە کە لە ڕەوتی نۆژەکردنەوە یان دروستکردنی قوتابخانەدا یارمەتیدەری ئیدارەکانی ڕێژیم بن.
هەروەها بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە برووجێرد، بێهرووز یارئەحمەدی، ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا «نەبوونی زەوی» گەورەترین بەربەست لەبەردەم دروستکردنی قوتابخانەیەکی گونجاو لەم ئاواییانەدایە و بەشی یاساییی پەروەردە خەریکی بەدواداچوونە، بەڵام ئەم هەوڵە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا بووە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی هەڵنەهێندراوەتەوە.
ئەم ڕەوشە نیشانەیەکەی ڕوون لەسەر نالەباریی دۆخی پەروەردەییە؛ لە کاتێکدا بۆ نموونە منداڵانی درەچەپی تەنها خاوەنی کانێکسێک و چەند میزێکی بچووکن، بەو هەمووە هەڵاواردنە پەروەردەیی و کەمیی خزمەتگوازییەوە، توانیویانە سەرکەوتوو بن و ئاستی بەرزی خوێندن مسۆگەر بکەن.
هەڵاواردنی پەروەردەیی ساڵانێکە بەرۆکی قوتابی و منداڵانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گرتووەتەوە و دەیان قەیرانی پەروەردەیی لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خووزستان، بەلووچستان و چەند پارێزگای دیکە هەن کە قوتابییانیان تووشی تەنگوچەڵەمەی زۆر کردووەتەوە.