کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە فەرمی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ۱۳ هەزار هەژماری پەیوەندیدار بە ئێران، ڕووسیە و چینی ڕاگرتووە

13:43 - 23 رەزبەر 2726

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕۆژی چوارشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ۱۳ هەزار هەژماری بەکارهێنەری پەیوەندیدار بە سێ ئۆپەراسیۆنی نائاسایی و گوماناویی دەرەکیی ئێران، ڕووسیە و چینی ڕاگرتووە.

بە وتەی ئێکس، ئەم هەژمارانە بە ئامانجی کاریگەریی خستنەسەر وتووێژە سیاسییەکان لە ئەمریکا چالاک بوون و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هاواهەنگکراوی ناوەڕۆکەوە، بەربژێرەکانی هەڵبژاردن و کەسایەتییە سیاسییەکانیان لە ئاراستە جیاوازەکانەوە کردبووە ئامانج.

ئێکس ڕایگەیاند کە لێژنەی ئەمنیی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، هەژماری مەبەستیان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و پشکنینە پێشوەختەکاندا ناسیوەتەوە و دەستنیشان کردووە.

ئەم کۆمپانیایە هەروەها جەختی لەوە کردووە کە لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی خۆی بۆ پاراستنی تەندروستیی پرۆسە مەدەنییەکان، مامەڵە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی هەڵە دەربارەی کات، شوێن یان شێوازی دەنگدان و هەوڵدان بۆ بێهیواکردنی بەکارهێنەران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات.

هاوکات لە ڕووداوێکی جیاوازدا، کۆمپانیای ئۆپێن ئەی ئای حەفتەی ڕابردوو هەواڵی داخستنی تۆڕێک لە هەژمارە کاربەدەستەکانی چات جی پی تی (ChatGPT) ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرانی لە ئێرانەوە، بە بەکارهێنانی ناسنامەی ساختەی ڕۆژنامەگەری، بابەتیان لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا بڵاو دەکردەوە.

ئۆپێن ئەی ئای ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە بەکارهێنانی ژیریی دەسکرد و ناسنامەی ساختە، توانیویانە نزیکەی ۱۰۰ وتار بە ناوی حەوت نووسەری دروستکراو لە ۱۲ میدیای ئێنتێرنێتی لە وڵاتانی جیاوازدا بڵاو بکەنەوە.

ئەم ناسنامە ساختانە خۆیان وەک ڕۆژنامەنووسێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا، لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکان، ناساندبوو.