کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسێکی نۆروێژی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ کوشتن بە فەرمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بریتانیا مەحکووم کرا

10:28 - 24 رەزبەر 2726

لاوێکی ١٩ ساڵەی نۆروێژی لە بریتانیا بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ کوشتن بە فەرمانی تۆڕی تاوانکاری «فاکسترۆت» مەحکووم کرا؛ ئەو تۆڕەی کە بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی بریتانی «هێرتس ئەدرتایزێر»، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، «یۆهانس کۆنگسێنس ناتلەند» کە یاریزانی فووتباڵ بوو، لە مانگی مارسی ٢٠٢٥ قەبووڵی کرد لە بەرانبەر وەرگرتنی ٢٥ هەزار یۆرۆ، کەسێک لە بریتانیا تێرۆر بکات.

ناتلەند دوای گەیشتنی بە مەنچستێر، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دوو چەکی گەرم، ١٢ فیشەکی جەنگی و دوو هەزار پۆند پارەی نەختی وەرگرتووە.

پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا ئەو تاوانبارەیان دوو ڕۆژ دوای گەیشتنی بە بریتانیا، لە هۆتێلێکدا دەسبەسەر کرد.

شایانی باسە ئەو لاوە نۆروێژییەوە، بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی، مێردمنداڵێک بە ناوی خوازراوی «ژێنراڵ»، بۆ تۆڕی سویدی «فاکسترۆت» ڕاکێشابوو. هەروەها سەرکردایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی لە ئەستۆی کەسێکی ئینگلیزی زمان بە ناوی خوازراوی «بریکار ٤٧» کە ناسنامەکەی هێشتا نادیارە، بووە.

هاوکات دوو کەس لە لەندەن بە گومانی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کران.

ئەم ماڵپەڕە ڕایگەیاند کە تیمی فاکسترۆت لە مێرمنداڵان، تەنانەت لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا، بۆ قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوانە توندوتیژەکان کەڵک وەردەگرێت.

پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا لە مانگی پووشپەڕدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە زیاتر لە ٢٠ پیلانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامییەوە پەکخستووە یان ڕاگرتووە. بە وتەی بەرپرسانە ئەمنییەکان، ئەم پلانانە تێرۆر، ڕفاندن، هەڕەشەی جەستەیی و بەکارهێنانی کەسانی سیخۆڕی لەخۆ گرتبوو.