جێگری دیپلۆماسیی گشتیی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە بەردەوامی لە پشتگیری و پڕچەککردنی میلیشیا حوسییەکان بۆ پەرەپێدانی ئاڵۆزی و هێرشەکانیان لە ناوچەکەدا، تۆمەتبار کرد.
"ڕائید بن خالید قەرمەلی" ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەر وتی: "تاران بەپێچەوانەی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وەک پێشوو بەردەوامە لە ئامادەکردن، ڕاهێنان و ناردنی چەک بۆ میلیشیا حوسییەکان و گەڕی نوێی ئاڵۆزییەکان بە هاندانی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی تاران ئەنجام دەدرێت."
سەرەڕای بەردەوامی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ڕیاز و تاران، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هیچ ئیرادەیەک لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سازش و بڕینەوەی کێشەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بەدی ناکرێت.
هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان ڕایگەیاند میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی پێشنیاری ڕیازیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە عومان ڕەت کردووەتەوە.
ئەم هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە سەلمێنەری ڕۆڵی تێکدەرانە و پەرەپێدانی تێرۆریسم لەلایەن ڕێژیمی تاران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.