کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن ۱۶ ئێرانی و ۱۰ ناوەندی پێوەندیدار بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلانی سزا دا

10:55 - 24 رەزبەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی «گۆشەگیریی ئابووری»، ١٦ هاووڵاتیی ئێرانی و ١٠ ناوەندی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەوانەش سێ بانگ، چەندین سەڕافی و شیرکەتی بازرگانیی، خستە پێڕستی سزاکانەوە. ئەم تۆڕە داراییە بە دابینکردنی دۆلار، گواستنەوەی داهاتی نەوت و تێپەڕین لە سزاکان تۆمەتبار کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا (ئۆفاک)، «بانکی نێودەوڵەتیی چابەهاری دەرەوەی سنوور»، «بانکی نێودەوڵەتیی دوورگەی کیش» و «بانکی نێودەوڵەتیی گەشەپێدان بۆ وەبەرهێنان و دابینکردنی ماڵی» لە بەغدا لەم پێڕستەدا جێگیر کراون.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، بانکی عێراقی دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە دۆلاری ئاسان کردووە و قازانجی بەدەستهاتووی بۆ ئێران گواستووەتەوە.

هەروەها چوار سەڕافی و چەندین شیرکەتی بازرگانی لە ئێران، ئێمارات و هۆنگ کۆنگ بەهۆی بەشداری لە تۆڕە داراییە شاراوەکان، گواستنەوەی داهاتی نەوت و کەڵکوەرگرتن لە شیرکەتە خوازراوەکان سزا دران.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا «ڕوحوڵڵا ڕەزەوی»، زاوای وتەبێژی بەرەی پایداری و نیشتەجێی دووبەی، وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران ناساند کە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی داهاتی نەوت لە ڕێگەی زێڕ و پارەی نەختەوە بۆ ئێران و دەستوپێوەندییەکانی.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانکی کووبایی «ئینتێرناسیۆناڵ د کۆمێرسیۆ»ی بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە بانکی سزادراوی کارئافەرینی ئێران خستە لیستی ڕەشەوە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە بازنەی گوشار لەسەر ئابووریی ئێران تەنگتر بووەتەوە و واشنگتۆن بۆ پچڕاندنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت لە گوشارەکان. ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە گرژییەکان لە نێوان تاران و واشنگتۆندا پەرەی سەندووە.