دادگای باڵای ئەیالەتی هامبۆرگ لە ئاڵمان، دوو پیاوی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ سپای تێرۆریستیی پاسداران و هێزی قودس بۆ پیلانگێڕی لە تێرۆر، هێرش و ئاگرتێبەردان بە زیندان مەحکووم کرد.
دادگای هامبۆرگی ئاڵمان، سزای ٨ ساڵ و نیو زیندانی بەسەر «عەلی س.» تەمەن ٥٤ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان و نیشتەجێی دانمارک سەپاند و هاوکارەکەی «تەواب م.» تەمەن ٤٣ ساڵ، سزای ٤ ساڵ و نیو بەندکرانـی بۆ دەرچوو. هەردوو تۆمەتبار بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، بەڵام دادگا بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی داواکاری گشتیی فێدراڵ سزاکەی دەرکرد.
بەپێی بەڵگەکانی دادگا، عەلی س. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ سەردانی تارانی کردبوو و ئەرکەکانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە وەرگرتبوو.
ئامانجی ئەم تۆڕە، ناسینەوەی ١١ ئامانج بوو لە ئاڵمان؛ لەوانەش یووسف شووستێر، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەهوودییەکان لە ئاڵمان، فۆلکێر بێک، پارلەمانتاری پێشووی پارتی سەوز و سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئاڵمان و ئیسرائیل، هەروەها سوپرمارکتێکی فرۆشتنی کاڵای «کووشێر» لە بێرلین.
ئەم پیلانانە بریتی بوون لە هاویشتنی شووشەی پڕ لە بەنزین بۆ ناو سوپرمارکتەکە و هەوڵدان بۆ دەستخستنی دەمانچەیەکی خاوەن توانای "بێدەنگکردن" بۆ تێرۆری فۆلکێر بێک. تەواب م. لەم ڕاستایەدا داوای لە هاوکارەکەی کردبوو کە چەکێک دابین بکات کە «تەنیا جارێک بەکار دەهێنرێت». فۆلکێر بێک لە کاتی دادگاییکردنەکەدا ڕایگەیاند کە یەکەم سەرەداوی ئەم پیلانە تێرۆریستییە لەلایەن «مووساد»ەوە دۆزرابووەوە و خرابووە بەردەست هێزە ئەمنییەکانی ئاڵمانەوە.
دادوەر لە کاتی دەرکردنی حوکمەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران هەوڵ دەدات تێرۆریزم بگوازێتەوە بۆ ناو ئاڵمان و ئامانج لەم هێرشانە دروستکردنی ترس و تۆقاندن بووە لەناو کۆمەڵگەی یەهوودی و پاڵپشتانی ئیسرائیلدا. فۆلکێر بێک بەرانبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکەی بۆ بەشداری وەک سکاڵاکەری تایبەت لە دادگادا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و داوای کرد باڵیۆزی ئێران لە ئاڵمان دەربکرێت.