کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا تەنیا لەسەر لانچێرەکاندا ١٥٠٠ هێزی سەربازیی ڕێژیم کوژراون

11:29 - 24 رەزبەر 2726

مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە لە درێژەی پێکدادانە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، تەنیا لەسەر لانچێرەکاندا ١٥٠٠ کەس لە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران.

ئاماژەکەی ئەو بۆ شوێنی هەڵدانی ئەو مووشەکانەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕەوتی شەڕدا لە بنکە مووشەکییەکانی ئێران لە ژێر زەویدا کردبوویانە ئامانج و هەروەها ئەم هێرشانە بۆ سەر لانچێرە جووڵاوەکانی سەرزەویش ئەنجام دران و ژمارەیەکی زۆریان تێکشکێنران.

پزیشکییان لەو لێدوانانەدا کە میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە، وتوویەتی: «ئەوانەی لەسەر لانچێرەکان بوون، ١٥٠٠ کەسیان کوژراون. چەندین مانگ تەنانەت لەو پەناگەیەی خۆیان کە لانچێرەکانی لێوە دەهاتە دەرەوە، نەهاتبوونە دەرەوە و نەگەڕابوونەوە بۆ ماڵیش ».

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ئاماری وردی زیانە گیانییەکانی هێزە سەربازییەکانیان لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا بڵاو نەکردووەتەوە.

وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکی پووشپەڕدا، کۆی گشتیی کوژراوانی لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا بە «٣٥١٩» کەس ڕاگەیاند.

لە خولێکی تری پێکدادانی چڕی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە مانگی پووشپەڕدا ڕووی دا، ژمارەیەک لە ئامانجە سەربازییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بەتایبەت پارێزگاکانی باشوور، کرانە ئامانج و زیانی گیانیان لێکەوتەوە.

پزیشکییان لە وتارێکی تری ڕۆژی پێنجشەممەدا جارێکی تر ئاماژەی بە کاریگەریی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کرد و وتوویەتی کە لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا «هیچ کاتێک بەم توندییە لە گەمارۆ، شەڕ و کۆمەڵێک گرفتدا نەبووین».

سەرۆککۆماری ڕێژیم، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەم گەمارۆیە و هەروەها سەپاندنی سنووردارکردنی ئاسمانی بۆ سەر ئێران، بەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێرانە.

هەرورەها پزیشکییان وتوویەتی: «ڕێگاکانیان داخستووە، ڕێڕەوی دەریاییان گرتووە و بەدوای سنووردارکردنی ڕێڕەوی ئاسمانیشدا دەگەڕێن. ئەوان هەوڵ دەدەن هەموو ڕێگاکان ببەستن بۆ ئەوەی نەتوانین هیچ بکەین و خەڵک تووشی کێشە و ناڕەزایی ببن و لە کۆتاییدا، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی سەر هەڵبدات».

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا لە ترسی ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژی ڕێژیمی تاران، هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە، بەڵام ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە لە هەموو کات زیاتر لە ئارادایە و خەڵک لە زوڵم و ستەم وەزاڵە هاتوون.

شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچکات ئاماری دروست و وردی زیانە گیانییەکانی خۆی لە شەڕ و تێکهەڵچوونە سەربازییەکاندا ئاشکرا نەکردووە و ئەو ئامارانە زۆر لەوە زیاترە کە سەرۆککۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لێ کردووە.