کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای ورمێ پێویستی بە ٢٥٠٠ تەختی نوێی نەخۆشخانە هەیە

11:36 - 24 رەزبەر 2726

پارێزگاری ورمێ ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پارێزگاکە لە ڕووی پێوەرەکانی تەختی نەخۆشخانەوە بگاتە تێکڕای ئاستی نەخۆشخانەکانی ئێران، پێویستە نزیکەی ٢٥٠٠ تەختی نەخۆشخانەی تر بۆ توانای دەرمانیی پارێزگاکە زیاد بکرێت.

ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ورمێ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی پرستاردا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە شاری ورمێ بەڕێوە چوو، ئاماژەی بە کەموکوڕییەکانی کەرتی تەندروستیی ئەو پارێزگایە کرد و ڕایگەیاند: «بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی دەرمان، دابینکردنی ئامێری سەردەم، پەرەپێدانی ژێرخانەکانی تەندروستی و نوێکردنەوەی ئامێر و کەرەستە پزیشکییەکان لە هەنگاوە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکەن».

ڕەحمانی سەبارەت بەو هەنگاوانەی لە بواری دابینکردنی ئامێرەکاندا هەڵگیراون، ڕایگەیاند: «بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی ٧ هەزار میلیارد تمەن ئامێر لە پارێزگاکەدا کڕدراوە کە کەرەستە و ئامێرەکانی کەرتی تەندروستی و دەرمانیش لەخۆ دەگرێت».

میرنادر مووسەوی ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ٢٨ هەزار حاڵەتی خەواندن لە نەخۆشخانە، ١٩ هەزار نەشتەرگەری و ٢.٥ میلیۆن سەردان لە ناوەندەکانی سەر بەم ڕێکخراوەیەدا لە پارێزگاکە ئەنجام دراون.

ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کەمیی هێزی مرۆیی، تەختی خەواندن، نەبوونی کەرەستەی پێویستیی پزیشکی، کەمی، گرانی و نەبوونی دەرمان، ناستانداردبوونی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و دەیان قەیران و کێشەی دیکە پارێزگاکانی کوردستانی گرتووەتەوە و هەتا ئیستا ئەو هەوڵ و بانگەشانەی بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا لە چوارچێوەی قسە و دروشمدا ماونەتەوە و بە کردەوە هیچ کارێک نەکراوە.