فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) هەواڵی کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆزی لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە بە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ کەشتیی بازرگانی بەبێ کێشە لەم گەرووە تێپەڕیون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی سەرپەرستی و کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز دەکەن و ڕێڕەوە سەرەکییەکانی دەریایی لە مین پاکن.
سێنتکام ئیدیعای سپای پاسدارانی سەبارەت بە ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی سەنگاپووری بەهۆی مینی دەریاییەوە ڕەت کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەم کەشتییە مەدەنییە بە مووشەک یان هێرشی سپای پاسداران کراوەتە ئامانج.
ڕێکخراوی بازرگانیی دەریایی بریتانیاش ڕایگەیاندووە سەرەڕای هێرش و هەوڵە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی تاران و میلیشیا حوسییەکانی هاوپەیمانی لە گەرووی هۆرمۆز و بابولمەندەب، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامە.
ئەو ڕێکخراوەیە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند لە یەکەمی مارسەوە (سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان) ١٤٩ ڕووداوی دەریایی تۆمار کراون، کە ٩ حاڵەتیان لە نێوان ١٩ تا ٢٢ی ڕەزبەر ڕوویان داوە.
ئەم ڕاپۆرتە دەشڵێت لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٢١ کەشتی لە گەرووی هۆرمۆز و ١١٧ کەشتی لە گەرووی بابولمەندەبەوە تێپەڕیون؛ لەکاتێکدا پێش شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تێکڕای ڕۆژانە ١٣٨ کەشتی لە هۆرمۆز و ٦١ کەشتی بابولمەندەب تێپەڕ دەبوون.
ئەم کردارانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی دەریاوانی و بازرگانیی جیهانییە.