کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای سپای تێرۆریستیی پاسداران لەلایەن بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی لە سەراوانی بەلووچستان

11:46 - 24 رەزبەر 2726

لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییانە لە بەلووچستان، دوو فەرماندەی باڵای ڕێژیم بە ناوەکانی سەرتیپ حوسێن زەریفی فەرماندەی بنکەی سەجادی و ئەحمەد هیراتی زەراعی، بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەو بنکەیەی سپای پاسداران لە ناوچەی جهادئابادی سەراوان، بە دەستی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکییەوە کوژران.

هەواڵدەریی «حاڵوەش»، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، کوژرانی «سەرتیپ دووەم حوسێن زەریفی»، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بنکەی سپای سەجادی سەراوان و «ئەحمەد هیراتی زەراعی»، بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەم بنکەی، لە ڕەوتی پێکدادانەکانی ناوچەی جەهادئابادی سراوان ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، سەرتیپ حوسێن زەریفی ساتێک پێش کوژرانی، بە ئامادەبوون لەسەر سەربانی خانووی خەڵکی ئاسایی و بە دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی لە ناوچەی جەهادئابادی سەراوان، لە نزیکەوە خەریکی سەرکردایەتیکردنی مەیدانی و چاودێریکردنی دیمەنی پێکدادانەکە بووە.

سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ناوبراو بە هاوڕێیەتیی ئەحمەد هیراتی زەراعی بۆ سەردانی مەیدانی چوونەتە ئەم شوێنە و کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزەکانی سەر بە «بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی» و کوژراون.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها ئاماژەی بە برینداربوونی لانیکەم ١٣ چەکداری دیکەی ڕێژیم، لەو پێکدادانە سەربازییەدا کردووە.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی فەرماندە باڵاکان لە هێڵی پێشەوە و بەکارهێنانی خانووی خەڵکی ئاسایی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بە نیشانەی گوشاری پەرەسەندوو لەسەر هێزی سەربازییەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر هێرشە بەربڵاوەکانی بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی زانی.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئامادەبوونی فەرماندە سەربازییەکان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی و بەکارهێنانی خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی بە مەبەستی سەربازیی وەک خاڵێک بۆ چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکان، جارێکی تر شەپۆلێکی نیگەرانیی لەناو دانیشتووانی خۆجێییدا سەبارەت بە مەترسییە گیانییەکان و بەکارهێنانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ دانیشتووانی مەدەنییەکان دروست کردووە.

لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، پێگە و شوێنەکانی جووڵەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە جیاجیاکانی بەلووچستاندا چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرش و پێکدادانی چەکداری و هەتا ئێستادا نزیک بە ٤٠ چەکداری هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و هێزی فاتمیوون کوژراون و دیان کەسی دیکەش بریندار بوون.