کچانی کۆنگفۆکاری پارێزگای سنە، سەرەڕای بەهرە و لێهاتوویی زۆر و بەدەستهێنانی پلەی بەرز لە ئاستی ناوچەیی و سەراسەریدا، بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئاستاندارد، نەمانی هۆڵی تایبەتی ڕاهێنان و نەبوونی پاڵپشتیی دارایی لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیمەوە، ڕووبەڕووی قەیرانی جیددی بوونەتەوە.
بەهار زەندسەلیمی، جێگری سەرۆکی دەستەی کۆنگفۆی کچان لە سنە، جەختی کردەوە کە بێبەشکردنی بەئەنقەستی وەرزشوانانی کورد لە ئێمکانات و نەبوونی پشتیوانی مالی و سپۆنسەر، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی کچانی بەهرەمەند لە درێژەدان بە وەرزشی پرۆفشناڵ بێهیوا بن و بە ناچاری واز لە ئامانجەکانیان بهێنن یان بەرهەمی ڕەنجی چەندین ساڵەیان بچێتە خزمەت پارێزگاکانی دیکەوە.
سیاسەتی کەمتەرخەمی و پەراوێزخستنی بەئەنقەستی کەرتی وەرزشی کچان لە کوردستان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەشێکە لە بێبەشکردنی ژێرخانیی ناوچەکە کە ڕێگری لە گەشە و سەربەخۆیی ئابووری و وەرزشیی لاوان و ژنانی کورد دەکات.