کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان درێژەیان هەیە

13:03 - 24 رەزبەر 2726

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەرکام لە ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی مەریوان، عەتا قوبادی خەڵکی کامێران و  سەید ئەحمەد مستەفانژاد، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی پیرانشار دەسبەسەر کراون و زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی دووشەممە، ۱۳ی ڕەزبەر، دوای تێپەڕبوونی ۱۰ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی مەریوان و دامەزرێنەری ماڵی مۆسیقای “ژیڵەمۆ”، هێشتا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا ڕاگیراوە.

ژینا ئەحمەدی، هونەرمەندی خەڵکی ئاوایی نگڵ و دانیشتووی شاری مەریوان و هەڵگری نازناوی هونەریی ژیڵەمۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە مەریوان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کراوە و ماوەی ۱۰ڕۆژە چارەنووسی ناڕوونە.

ماڵی مۆسیقای ژیڵەمۆ، لە شاری مەریوان لە بواری فێرکاری، گۆرانیبێژی، وێنەکێشی و سینەما بۆ منداڵان چالاکیی هەیە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، عەتا قوبادی، خەڵکی ئاوایی «شایەنی» سەر بە شاری کامێران، دوای دەسبەسەرکرانی و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، سەیدئەحمەد مستەفانژاد، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی پیرانشار، دوای بانگکرانی لە ڕێگای تلفۆنەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە، دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکارەکانی بانگکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوبراوان لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.