وتەبێژی ئەرتەشی یەمەن ڕایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانیان هەزار و ٢٥٠ کردەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"دا دژی میلیشیا حوسییەکان ئەنجام داوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەم هێرشانەدا ٧٠٠ چەکداری حوسی کوژراون و ١٥٠ ماشین و ئامێری سەربازییان تێکشکێندراون یان لەکار خراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە حوسییەکان هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر دەیان شوێن، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی عەرەبستانە.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی یاسایی یەمەن بە پشتگیریی عەرەبستان لە مانگی ڕابردووەوە دەستی پێکردووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن" بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن حوسییەکان و بەتایبەت ناوچەکانی نزیک لە گەرووی ستراتێژیی بابولمەندەب دەستی پێکردووە.