سەرۆکی ئەنجومەنی سووتانی ئێران هۆشداریy دا کە کەمیی بەرچاوی پەرستار، ماندووبوونی بەردەوامی کاری و کۆچکردن یان بەجێهێشتنی کەرتی تەندروستی لەلایەن هێزە بەئەزموونەکانەوە لە بەشەکانی سووتاندا، مەترسیی گیانلەدەستدان و بڵاوبوونەوەی چڵک و هەوکردنی لەنێو نەخۆشەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
حەمید ساڵحی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" ئاشکرای کرد کە کێشە بژێوییەکان، زۆریی کاتژمێرەکانی کار و نەبوونی پشتیوانیی دەروونی، بوونەتە هۆی ئەوەی پەرستاران توانای مانەوەیان لە بەشەکانی سووتاندا نەمێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە تەنانەت لە حاڵەتی دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکیشدا، بەبێ هێزی مرۆیی بەئەزموون سیستەمی دەرمان ناکارامەیە.
ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدایە کە کەمیی پەرستار تەواوی سیستەمی تەندروستیی ئێرانی گرتووەتەوە؛ پێشتر جێگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم دانی بەوەدا نابوو کە وڵات بەرەوڕووی کەمیی نزیکەی ١٠٠ هەزار پەرستار بووەتەوە.
ساڵانە لە ئێران نزیکەی ٣٠٠ هەزار حاڵەتی سووتان ڕوو دەدات کە دەبێتە هۆی خەواندنی ٣٠ هەزار کەس و گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢ هەزار و ٩٠٠ نەخۆش.
تەرخاننەکردنی بوودجەی پێویست، نەڕەخساندنی مەرجەکانی خانەنشینیی شایستە و پشتگوێخستنی داخوازییە بژێوییەکانی کادری دەرمانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، جارێکی دیکە کەمتەرخەمی و ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی تاران لە پاراستنی گیان و تەندروستیی هاووڵاتییان نیشان دەدات.