کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی دوو ناوەندی توێژینەوەی ئەمریکا لەسەر هاوکاریی سەربازیی مۆسکۆ، تاران، پێکەن و پیونگ‌یانگ

14:51 - 24 رەزبەر 2726

دوو بنکەی توێژینەوەی دیاری ئەمریکا، "ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژی و نێودەوڵەتی" و "دامەزراوەی جۆرج دەبڵیوو بوش" لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوور لە ڕێگەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خەڵەتاندن و کەڵکوەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان و دەسبەسەرکراو، هاوکاری خۆیان لە بەرهەمهێنانی چەک و دڕۆندا پەرە پێ داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێکدا بە ڕەوانەکردنی ڕاستەوخۆی دڕۆنی "شاهید" و دواتریش بە گواستنەوەی تێکنۆلۆژی و زانیاریی تەکنیکی، ڕێگەی خۆش کرد تا ڕووسیە ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی دڕۆن بە ناوی "ئالابۆگا" دروست بکات کە مانگانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ دڕۆنی هەیە.

لەم هاوپەیمانییەدا، کۆماری ئیسلامی نەخشە و تێکنۆلۆژی، چین پارچەی ئەلیکترۆنیکی و پشتگیریی دارایی، کۆرەی باکوور هێزی کار و ڕووسیەش کارگەکە دابین دەکات.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کارگەی "ئالابۆگا" بە خەڵەتاندن و بەڵێنی درۆیینی خوێندن و کار، کچان و لاوانی ئافریقایی و ڕووسی و هەروەها نزیکەی ١٢ هەزار کرێکاری کۆرەی باکووریی خستووەتە ژێر کاری زۆرەملێ و کۆیلایەتیی هاوچەرخ تا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ مافێک لە هێڵی بەرهەمهێنانی چەک و دڕۆندا کاریان پێ بکەن.

ئەم ناوەندانە داوایان لە دەوڵەتی ئەمریکا و جیهانی ئازاد کردووە کە بە سەپاندنی سزای توند بەسەر تۆڕەکانی دامەزراندنی هێزی کار و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم کارگەیە، بەربەست لە بەرانبەر هاوپەیمانیی سەربازیی ئەم چوار حکوومەتە خۆسەپێن و پێشێلکارەی مافی مرۆڤدا دروست بکەن.