کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ئازار و گوشارەکان دژی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستانی چڕتر کردووەتەوە

14:57 - 24 رەزبەر 2726

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ئاوایی سینگان سەر بە شاری شنۆ، خەلیل عەینی باوکی سدیق عەینی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان چەندین جار بانگ کردووە و وێڕای لێپرسینەوە، ئازار و ئەزیەتیان داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەردەوام بانگی دایکی ئەو پێشمەرگەشیان کردووە.

ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم بە ڕاشکاوانە بە باوکی ئەو پێشمەرگەیان وتووە کە کوڕەکەت نابێت لەنێو حیزب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکیی هەبێت و هەر کات ستۆرییەک یا پۆستێک دانێت، ئێوە و بنەماڵەکەتان باجەکەی دەدەن.

جێگای ئاماژەیە کە لەم چەند مانگەی دواییدا، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا، ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستانیان چ لە بواری دەروونی چ لەبواری جەستەییەوە چڕتر کردووەتەوە و دەستیان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە بەرانبەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، نەپاراستووە