کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: کۆماری ئیسلامی پشتگیریی هەواڵگری و سەربازیی بۆ حوسییەکان زیاد کردووە

10:40 - 25 رەزبەر 2726

ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیریی هەواڵگری و سەربازیی خۆی بۆ حوسییەکانی یەمەن زیاد کردووە و لەو ڕێگەیەوە هاوکاریی بەهێزکردنی توانای ئەم گرووپەی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پشتگیرییەکانی تاران بریتین لە پێشکەشکردنی زانیاری لەسەر ئامانجەکان، ڕاهێنانی هێزەکان و یارمەتیدان لە پلانی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکاندا. ئەم هاوکارییە توانای حوسییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پێگەکانی سعوودیە و هێزە نەیارەکانیان زیاتر کردووە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ژێرخانەکانی عەرەبستان، لەوانەش دامەزراوە هەستیارەکان و ناوەندە گرنگەکانی ئەو وڵاتە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکان زیاد کردووە. هێرش کردنە سەر فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی مەلیک خالید لە ڕیازیش کاردانەوەی نێونەتەوەیی لێکەوتووەتەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێرشەی مەحکووم کردووە.

زیادبوونی پشتگیرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حوسییەکان لە دۆخێکدایە کە ڕۆڵی تاران لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەدا هەمیشە ڕووبەڕووی ڕەخنەی نێونەتەوەیی بووەتەوە. ئەم پشتگیرییانە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی پێکدادانەکان و زیادبوونی نائارامی لە ناوچەکەدا.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی پشتگیریی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ حوسییەکانیان ڕەت کردووەتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکەی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ جارێکی تر ڕۆڵی تارانی لە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی یەمەن و گرژییە ناوچەییەکاندا خستووەتە بەر سەرنج.