فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی تا ئاستێک زیادی کردووە کە سپای پاسداران ناتوانێت مووچەی هێزەکانی خۆی بدات و هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تارانیش دانی مووچەی هێزەکانیانیان ڕاگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سێنتکام، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئەو وڵاتەی بە ۲۵ میلیارد دۆلار لە داهاتەکانی هەناردەکردنی نەوت کردووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش نزیکەی ۳۵۰ ملیۆن دۆلار سەرمایەی دراوی دیجیتاڵی بلۆک کردووە. ئەم دامەزراوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ هاوردە یان هەناردەیەکی دەریایی لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە ئهنجام نادرێت.
بەوتەی سێنتکام، گوشارە دارایییەکان کەوتوونەتە سەر بەشە جیاوازەکانی ئابووریی ئێران، لەوانە ڕێکخراوەکانی نەوت و وزە، فوولاد، ئۆتۆمبێلسازی، هەوانەوەردی، بیناسازی و بەشە سەربازی و ئەمنییەکان.
ئەم فەرماندەیییە ڕایگەیاند کە هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ سپای پاسداران، دانی مووچەی هێزەکانی خۆیان ڕاگرتووە. سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی توانای داراییی پێویستی بۆ پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکان، تۆڕە تاوانکارییەکان و هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە، توانای کۆماری ئیسلامی بۆ جێگرتنەوەی چەک و دامەزراوە بەرهەمهێنەرە تێکشکێندراوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار بووەتەوە و سپای پاسداران نیشانەی زیاتری بێئومێدی و دەستەوستانی نیشان دەدات.