کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێرانی تووشبوو بە شەڕ و گەمارۆ؛ پارێزگای سنە لە کۆتایی ڕیزبەندییەدایە

12:55 - 25 رەزبەر 2726

سیستەمی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و داڕمانی بەهای ڕیاڵ ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنەی دەرمان بووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێستادا نزیکەی ٨٠٠ جۆر دەرمان کەمییان هەیە کە ٩٠ جۆریان دەرمانی ژیانبەخشن؛ هاوکات نرخی هەندێک دەرمانی سەرەکی تا ڕادەی ٣٧٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم کەمیی گشتگیر ڕەت دەکەنەوە، بەڵام دەرمانسازانی سنە ئاماژە بە دەستنەکەوتنی دەرمانە گرینگەکانی وەک ئەنسۆلین و سیمبیکۆرت دەکەن. لەم پارێزگایەدا نرخی دەرمان بە تێکڕا زیاتر لە ١٠٠ لەسەد گران بووە و پشکی گشتیی پارێزگاکە لە واکسەنی ئانفۆڵانزا تەنیا ٨,٩٧٩ دۆزە بۆ ١.٦ ملیۆن دانیشتوو.

جگە لەوەش، دواکەوتنی هەشت مانگەی پارەی بیمەکان و قەرزی ٣٦ هەزار ملیار تمەنیی دەوڵەت بە دەرمانخانەکان، دەرمانخانە بچووکەکانی لە ناوچە بێبەشەکاندا خستووەتە لێواری داخران. ئەم دۆخە نەخۆشانی کوردستان و بەتایبەت شارە سنوورییەکانی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی دەرمان ڕوو لە بازاڕی ڕەش یان سەفەری تاقەتپڕووکێن بۆ شارە گەورەکان بکن.