کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانسەر؛ سپای پاسداران پێش بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی دەگرێ

13:13 - 25 رەزبەر 2726

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری ڕوانسەر و دەورووبەری، لە هەنگاوێکی نائاسایی و دژەمرۆڤانەدا، پێش بەو هاووڵاتییانە دەگرن کە جلوبەرگی خاکی یان نزیک لەو ڕەنگە لەبەر دەکەن.

ئەم ڕێوشوێنە توندوتیژ و سەرکوتکارانەی ڕێژیم کە بە بیانووی پووچ و بێبنەما دەکرێت، بە ئامانجی دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتوانی شاری ڕوانسەرە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە پۆشینی جلوبەرگی کوردی بەو ڕەنگ و فۆرمە، جلی ڕەسەن و سەرەکیی خەڵکی ناوچەکەیە و بەشێک لە کولتوور و شوناسی نەتەوەییی خەڵکی کوردستانە.

ئەم هەنگاوە دژەکولتوورەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم، جارێکی دیکە ڕووی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامیی بەرانبەر بە سیمبۆلە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خەڵکی کورد بەگشتی و خەڵکی تێکۆشەری ڕوانسەر بە ڕوونی نیشان دەدات، کە سەرچاوەگرتوو لە ترسی دەسەڵات لە هەرچەشنە شوناسێکی کوردییە.