کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی وەک خۆیان بەردەوام دەبن

11:29 - 10 رەزبەر 2726

نوێنەری بریتانیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ سەرەڕای ڤێتۆکردنی درێژکردنەوەی ئەرکی شاندی پسپۆڕانی ئێران لەلایەن دوو ئەندامی هەمیشەیی شۆرای ئەمنییەتەوە، سزاکانی ئەنجومەنەکە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیم وەک خۆیان دەمێننەوە و جێبەجێکردنیشیان بۆ سەرجەم وڵاتان پێویست و پێبەندکەرە و هۆشداریی دا کە کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەم شاندە، ڕێگریکردن لە دەربازبوونی تاران لە سزاکان سەختتر دەکات.

سارا مەکینتاش ڕوونی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی لە ئاستی ٦٠٪ کۆ کردووەتەوە و تاقە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە کە ئۆرانیۆمی تا ئەم ئاستە بەرزە پیتاندبێت.

ناوبراو زیادی کرد کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی نەیتوانیوە قەبارە، پێکهاتە یان شوێنی کۆگاکردنی ڕاستەقینەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پشتڕاست بکاتەوە و پشکێنەرانیش لە دەستگەیشتن بە دامەزراوە بڕیاردەرەکان بێبەش کراون.   

نوێنەری بریتانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت.