کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە نیوەی بەنداوەکانی کرماشان بەتاڵن

13:54 - 25 رەزبەر 2726

دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە بە سیاسەتە هەڵە و تاڵانکارییەکانیان ژینگەی کوردستانیان ڕووبەڕووی وێرانکاری و قەیرانی بێئاوی کردووەتەوە، دان بەوەدا دەنێن کە زیاتر لە نیوەی بەنداوەکانی پارێزگای کرماشان بەتاڵن.

بەپێی دانپێدانانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی ئاوی ناوچەیی کرماشان، لە کۆی زیاتر لە یەک میلیارد و ٣٤٥ ملیۆن مەتر سێجا توانستی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە، تەنیا ٤٩.٤٢ لەسەدی پڕ بووە و زیاتر لە ٥٠.٥٨ لەسەدی بەتاڵە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەنداوە گرنگەکانی وەک «گاوشان» و «سولەیمانشای سونقوڕ» کە بەشێک لە ئاوی خواردنەوەی شارەکانی کرماشان و سونقوڕ دابین دەکەن، بە ڕیز ٥٧ لەسەد و ٦٤ لەسەد بەتاڵن.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ساڵانێکە لەگەڵ قەیرانی توندی کەمئاوی و بێئاوی بەرەوڕوون و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا بە بەڵێنی پووچ و وەپاڵدانی بەرپرسیارەتییەکە بە وشکەساڵی، لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان و دابینکردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان خۆ دەبوێرن.