پێگەی فەرمیی پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی ئەم پارێزگایە لە ڕووی بارانبارینەوە لە ڕیزبەندی چوارەم یان پێنجەمی سەرانسەری ئێراندایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ژێرخانی گونجاو و بەنیوەچڵ مانەوەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو، خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت گوندنشینان ڕووبەڕووی قەیرانی توندی کەمیی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە.
سەید سەعید شاهڕۆخی، پارێزگاری لوڕستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ئاودێران بۆ ۱۱۷ گوندی پارێزگاکە دانی بەوەدا نا کە بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە بەهۆی مۆڵەتنەدانی دروستکردنی بەنداوەکان و کەمتەرخەمی لە تەواوکردنی پڕۆژە نیوەکارهکاندا بەخۆڕایی لەدەست دەچن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی گوندەکان وەک بیر و کانییەکان ڕووبەڕووی وشکبوون و دابەزینی ئاستی ئاو بوونەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، عەلی ئیمامیڕاد، سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی لوڕستان، جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی پڕۆژەی بەنداوی "مەعشوورە" کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پیشەسازی و کشتوکاڵ بەشێکی بەرچاو لە جوغرافیای لوڕستانە کە بەستراوەی دروستکردنی ئەم بەنداوەیە کە ساڵانێکە دوا خراوە.