کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی کۆچی پزیشکان و کورتهێنانی بەرچاوی ژێرخانی پەروەردە

15:56 - 25 رەزبەر 2726

سیاسەتە دژەگەلی و وێرانکەرانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەکەوە بووەتە هۆی هەڵاتنی سەرمایەی مرۆیی و توێژی ئاکادێمیک و لەلایەکی دیکەشەوە ژێرخانی پەروەردەیی بەرەو داڕمان بردووە.

لە نوێترین دانپێداناندا، مەنسوور گەتمیری، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندی لەگەڵ دەرچووانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، ڕایگەیاندووە بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکان، زیاتر لە ١٠ هەزار دەرچووی ئەم زانکۆیە کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە کە زۆربەیان لە بواری پزیشکیدا دەخوێنن و وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپای ڕۆژاوایان وەک مەبەستی سەرەکیی خۆیان هەڵبژاردووە. گەتمیری ئاماژەی بەوەش کردووە کە نەک تەنیا پزیشکەکان، بەڵکوو کۆچکردنی پەرستارانیش بەهۆی نەبوونی ئاسایشی ئابووری و گوزەرانەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و هاندەرێک بۆ مانەوەیان لە وڵاتدا نەماوە.

هاوکات لە ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانە ئابوورییەکاندا، پارێزگاری تاران، محەممەد سادق موعتەمەدیان دانی بەوەدا نا کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و گرانبوونی تێچووی ژیان لە پێتەخت، ژمارەی خوێندکارانی شاری تاران ٧ هەزار کەس کەمی کردووە و بنەماڵەکان ناچار بوون بەرەو شارۆچکە هەژارنشینەکانی دەوروبەر کۆچ بکەن. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە داڕمانی کەرتی پەروەردە کرد و ڕایگەیاند کە پارێزگای تاران پێویستی بە ٩ هەزار پۆلی خوێندن و ٦٣٨ قوتابخانەی نوێ هەیە و شارەوانیی ڕێژیم بەڵێنەکانی خۆی بۆ دروستکردنی قوتابخانە جێبەجێ نەکردووە.

شەپۆلی بێوێنەی کۆچی پزیشکان و کادرە تەندروستییەکان، هەروەها دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە پەروەردەیییەکان لە ئێران، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی گەندەڵی دامەزراوەیی، خەرجکردنی سەرمایەی وڵات لە پڕۆژەی سەربازی و گرووپە نیابەتییەکان، و دروستکردنی دۆخێکی نائارامی سیاسی و ئابوورییە لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە. ئەم دۆخە سیستەمی تەندروستی و پەروەردەی وڵاتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی کەموێنە کردووەتەوە.