ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند کە ١١ هاووڵاتییان لە شاری "مەڵکشایی" بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کردووە. مەڵکشاهی یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە پارێزگای ئیلام بوو.
دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و بە دروستکردنی کەشوهەوای تۆمەتبەخشین، ئەم دەسبەسەرکراوانەیان بە پەیوەندی لەگەڵ ۳ تیمی ڕێکخراو، هەڵگرتنی چەک، تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان و تێکدانی موڵکی گشتی تۆمەتبار کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە بەیاننامەکەی ئیتلاعاتدا هیچ ئاماژەیەک بە ناوی دەسبەسەرکراوان، تۆمەتی فەرمیی دادوەری، سەرچاوەی پێڕاگەیشتن و مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر نەکراوە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی دەسبەسەرکردن لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی بەپەلەدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەزاران کەسی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٣٤ کەسی لە سێدارە داوە. بەپێی زانیارییەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دادگای باڵای ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ۲۰ تۆمەتباری دیکەی پەسەند کردووە کە دوو کەسیان لە کاتی ڕووداوەکاندا منداڵ بوون و لەژێر مەترسیی جیددیی جێبەجێکردنی سزادان.
لێبوردنی نێودەوڵەتی تۆمەتەکانی وەک "موحاربه" و "افساد فی الارض"ی بە بێبنەما ناو بردووە و دادگاکانی ئینقلابی ڕێژیمی بە بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەر، ئەشکەنجەدان، شۆکی کارەبایی، زیندانی داسەپاو و بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ تۆمەتبار کردووە. دەسبەسەرکردنەکانی ئیلام و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سزای لەسێدارەدان لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی دادوەریی ڕێژیم، لەوانە سەرۆکی دادوەریی پارێزگای ئێسفەهان، ناڕازییانیان بە "کوودتاچی" ناودێر کردووە و بەڵێنیان داوە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بخەنە پێشەنگی کارەکانیانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ترس و تۆقینی دەسەڵات لە پەرەسەندنی دووبارەی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری وڵاتدایە.