کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێگە بە دووبارە بونیاتنانەوەی توانای ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی نادەین

09:11 - 26 رەزبەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، خەریکی جێبەجێکردنی هەنگاوگەلێکە کە ڕێگری لە زیندووبوونەوەی دووبارەی توانای ئەتۆمیی ئێران بکات.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە کاتێک ئۆپەراسیۆنی «چەکوشی نیوەشەو»م دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دا، توانای ئەتۆمیی ئەوانمان لەناو برد.

ترامپ بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، وتی: «ئەوان ناتوانن چەکی ئەتۆمیان هەبێت، چونكە بەکاری دەهێنن».

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئەوەشی خستە ڕوو کە پێش جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، بە بەرپرسانی باڵای دەوڵەتەکەی وتووە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامادەیی هەبێت بۆ ئەوەی چەک و توانای ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی لەنێو ببات.

ترامپ وتیشی: «دەبێت دڵنیا ببینەوە کە ئەم توانایە دووبارە ناگەڕێتەوە. ئەوە ئەو کارەیە کە هەمیشە لە ئێستا و داهاتوودا دەبێت بیکەین».

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەواڵدەریی "سی‌ئێن‌ئێن" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەرتەشی ئەمریکا پلانی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمی و ژێرخانە وزەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە؛ ئەم پلانە پێشبینیی بەکارهێنانی بۆمبی "دایکی هەموو بۆمبەکان"، کە بەهێزترین بۆمبی نازیرەکی ئەمریکایە، لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم پلانانە دەکرێت لەژێر فەرمانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێش یان پاش هەڵبژاردنەکان جێبەجێ ببن.