سەرکردەکانی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران و جێبەجێکردنی بەربڵاوی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد و داوای ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە سەرەتایییەکانی خەڵک و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانیان کرد.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی شۆرای ئورووپادا کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە برووکێسل بڵاو کرایەوە، بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا بەردەوامیی توندوتیژی و سەرکوتکردنی خەڵکی ئێرانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.
بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا جەختیان لەوەش کردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. ئەوان داوایان لە تاران کرد لە چوارچێوەی پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت و هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەست پێ بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووسیە لە شەڕی دژی ئۆکراین، مەحکووم کرا.
بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا هەروەها جەختیان کردەوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز دەبێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و ئازادیی کەشتیوانی دانەبڕێت یان گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا نەکات.