کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو و کاتس: کاتێک ناوچەکە لە مەترسی ڕزگاری دەبێت کە کۆماری ئیسلامی لەنێو بچێت

14:24 - 26 رەزبەر 2726

بێنیامین نێتانیاهوو کۆتاییهاتنی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیلی بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دا و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، سەرجەم دامەزراوە و ژێرخانەکانی ڕێژیمی ئێران دەکرێنەوە ئامانج.

یێسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ۱۴ی ئیسرائیل لە شەوی شەممە ٢٥ی  ڕەزبەر وتی کە ئەم وڵاتە بۆ هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە ئامادەباشیی تەواودایە.

کاتس وتی کە ئیسرائیل و ئەمریکا تا ئێستا ۳۵ هەزار مووشەک و بۆمبیان بەسەر ئامانجەکاندا لە ئێران باراندووە کە زۆرینەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە هاویشتراون.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان وتی کە ئیسرائیل ئامادەیە ئەمجارە ژێرخانەکانی ئێران «بە هەموو هێزیەوە» بکاتەوە ئامانج تاکوو ئێران ۴۰ ساڵ بگەڕێتەوە دواوە و دەیبەنەوە «سەردەمی تاریکی و چاخی بەردین».

کاتس هەروەها جەختیکردەوە کە شکستخواردنی کۆماری ئیسلامی، سەرتاسەری ناوچەکە بەرەو پەیوەندیی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیل دەبات و ئیسرائیل لە ناوەندی ئەو گۆڕانکارییانەدا دەبێت.

نێتانیاهووش لە دیمانەیەکی جیادا لە هەمان ڕۆژدا، بەردەوامیی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتی وەک "بەستێنی گەڕانەوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل" وەسف کرد.

هەروەها سەرەڕای ئەوەی نێتانیاهوو کۆماری ئیسلامیی بە بە شێرپەنجە شوبهاند ڕایگەیاند کە ئێمە  ۹۰ لەسەدی کارەکانی ڕوخانەکەیمان بردە پێش، بەڵام وەک شێرپەنجەیە، ئەگەر لە دەست ئەم ڕێژێمەی ئێران ڕزگارتان نەبێت، دووبارە دەگەڕێتەوە».