کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتیی کۆماری ئیسلامی بە حوسییەکان، توانای سەربازی و بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵیی ئەو گرووپەی زیاد کردووە

14:27 - 26 رەزبەر 2726

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا، بە دابینکردنی پارە، چەک و ڕاهێنانی سەربازی و تکنیکی بۆ حوسییەکانی یەمەن، یارمەتیی ئەم گرووپەی داوە بۆ زیادکردنی تواناکانیان لە هێرشکردن سەر عەرەبستان.

هێرشە چاوەڕواننەکراوەکانی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕیاز و ناوەندی شیرکەتی نەوتیی نیشتمانیی ئارامکۆ، لاوازیی عەرەبستانی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ئەم گرووپە ئاشکرا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بە گواستنەوەی زانیاریی تکنیکیی سیستەمە مووشەکییەکان و ڕاهێنان لەسەر دروستکردنی دڕۆن و مووشەک، یارمەتیی حوسییەکانیان داوە تاکوو توانای بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆی یەمەن بگەشێننەوە.

ئەم ستراتێژییە مەترسیدارە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە حوسییەکان تەنانەت ئەگەر ڕێگاکانی ناردنی ڕاستەوخۆی چەک لە کۆماری ئیسلامیشەوە پچڕێت، بتوانن بەشێک لە چەکوچۆڵە سەربازییەکانی خۆیان بەرهەم بهێنن.

ڕۆیتێرز نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای پشتگیریی دارایی و ڕاهێنانی تێکنۆلۆژیی چەک، هێشتا پارچە تایبەتمەندەکان و کەلوپەلە سەربازییەکانی کە بەدەستهێنانیان لە ڕێگەی ڕێگا بازرگانییەکانەوە قورسە، دەخاتە بەردەست حوسییەکان.

ئەم گرووپە تێرۆریستییە هەروەها بە جۆراوجۆرکردنی زنجیرەی دابینکردنی خۆیان، لەو پارچانە کە لە چینەوە هاوردە کراون بۆ گەشەپێدانی مووشەکە بالستیکییە پێشکەوتووەکان کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوسییەکان بۆ زیادکردنی کارایی چەکەکانیان پەنایان بۆ بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردیش بردووە.

ڕۆیتێرز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بڵاوی کردەوە کە بەکارهێنانی بەرفراوانی مووشەکە قەدەغەکراوی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، پاشەکەوتی بەرگریی ناوچەکەی کەم کردووەتەوە.

شایانی باسە فراوانیی جوغرافیای عەرەبستان و سنوورداربوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتەش لە پاڵ زیادبوونی توانای سەربازیی حوسییەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئەم گروەپی دژوارتر کردووە.

شایانی باسە لە وڵامی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز، هەرکام لە وڵاتانی عەرەبستان، تورکیە، پاکستان و میسر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەو هێرشانەیان پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسف کرد و جەختیان لە ڕاگرتنی بێمەرجی هێرشەکان کردەوە. هاوکات ئەمریکا، چین، ئوسترالیا و چەندین وڵاتی تر نیگەرانیی خۆیان لە مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی و هێڵە ئاسمانییەکان لەلایەن ئەو گرووپەوە دەربڕی.