غەسان عاشوور، شرۆڤەکاری دیاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند کە کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق و سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە چەکدارەکان، دەتوانێت ململانێ و جیاوازییەکانی نێوان ئەو لایەنانە قووڵتر بکاتەوە.
بە وتەی عاشوور، بەشێکی بەرچاو لەو سامان و بودجەیەی بۆ حەشدی شەعبی دابین دەکرا، دەکەوتە دەست بەرپرس و سیاسەتمەدارە باڵاکان، لە کاتێکدا بەشێکی تری لە ڕێگەی سپای قودسەوە بۆ پشتیوانیکردنی گرووپەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دیکە دەگوازرایەوە.
بوونی سنوورێکی فراوانی هاوبەش، گیرۆدەبوونی ئابووریی عێراق بە کەلوپەل و وزەی هاوردەکراو لە ئێران و زاڵبوونی لایەنە نزیکەکانی ڕێژیمی تاران لەسەر دامەزراوە هەواڵگری و ئابوورییەکانی بەغدا، ڕێگەی خۆش کردووە کە بەشێک لە سامانی نیشتمانیی عێراق بۆ ئەو ڕێژیمە تەرخان بکرێت.
شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخە وای کردووە عێراق لە ڕووی داراییەوە ببێتە قەڵغانێک بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران و ئەوە لەکاتێکدایە کە مووچەخۆران و خەڵکی ئاسایی عێراق بەدەست قەیرانی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوەوە دەناڵێنن.