ڕۆژنامەی "گاردیەن" ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەر، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لە یەمەن، بڵاوی کردەوە کە ئێمارات و عەرەبستان بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانیان دژی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئێمارات دابینکردنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ بەشێک لە هێزە دەوڵەتییەکانی یەمەن، بەتایبەت هێزەکانی ناسراو بە "هێزەکانی عەمالقە" لە باشووری ئەو وڵاتە، دەستپێدەکاتەوە و لە بەرانبەردا عەرەبستان پشتیوانیی ئاسمانی بۆ ئەم هێزانە دابین دەکات.
گاردیەن ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە کە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، یەکەم نیشانەی بەرچاوی کەمبوونەوەی ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان ڕیاز و ئەبووزەبییە لەسەر داهاتووی یەمەن؛ ئەو جیاوازییە سیاسییانەی کە بەهۆی پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان و زیادبوونی هێرشە مووشکی و دڕۆنییەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر عەرەبستان، گرنگییەکی زیاتریان پەیدا کردووە.
ئێمارات لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، پاش قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ عەرەبستان و هێرشە ئاسمانییەکانی ڕیاز بۆ سەر کاروانی چەکوچۆڵی ئەم وڵاتە بۆ هێزە جوداخوازەکانی باشووری یەمەن، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەن کشایەوە و یارمەتییە داراییەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی ڕاگرت.
ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی یاسایی یەمەن بە پشتیوانی عەرەبستان، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، لەوانە لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب و پارێزگای مەعرەب، دەست پێکردووە.