ئەفراح ئەلزەبەع، وەزیری کاروباری دەرەوەی یەمەن ڕۆژی شەممە پێشنیاری ڕێژیمی ئێرانی بۆ نێوبژیوانی لە قەیرانی یەمەندا ڕەت کردەوە و تارانی بە پەرەپێدانی شەڕەکە لە ڕێگەی پڕچەککردن و دابینکردنی دارایی بۆ حوسییەکان تۆمەتبار کرد.
ئەلزەبەع لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ناتوانێت وەک نێوبژیوانێکی بێلایەن بمێنێتەوە لە کاتێکدا لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە چەکدارە بەردەوامە.
ناوبراو نووسیویەتی: "هەر کەسێک چەک بداتە یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ، ناتوانێت ببێتە نێوبژیوان لە نێوانیاندا. هەروەها هەر کەسێک ئاشتیی لە یەمەندا دەوێت، دەبێت سەرەتا بە ڕاگرتنی ئەو چەکانە دەست پێبکات کە یەمەنییەکان پێیان دەکوژرێن."
ئەلزەبەع، تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە مووشەک، دڕۆن و شارەزایی سەربازی دەخاتە خزمەت حوسییەکانەوە و لە هەمان کاتدا یەمەن وەک کارتی گوشارێک لە ململانێ فراوانەکانیدا لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان بەکار دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، ئەلزەبەع داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سزا نیزامییەکانی ئێستا جێبەجێ بکەن، سەرچاوەی دارایی حوسییەکان ببڕن و پشتگیری لە دەوڵەتی فەرمیی یەمەن بکەن بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاکی وڵاتەکەیدا.