کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی بەپەلەی ئێران بە سەد هەزار پەرستار؛ قەیرانی نەبوونی هێزی مرۆیی و کۆچی بەکۆمەڵ

15:10 - 26 رەزبەر 2726

ڕێکخراوی نیزام پەرستاریی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکە لە ئێستادا ڕووبەڕووی کەمیی نزیکەی ١٠٠ هەزار پەرستار بووەتەوە و بەهۆی سەختیی کار و قەیرانی بژێوییەوە، ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرستاران سیستمی تەندروستی بەجێ دەهێڵن.

ئەحمەد نەجاتیان، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە ڕێژەی پەرستار بەرانبەر تەختی نەخۆشخانە تەنیا یەکە، لە کاتێکدا دەبێت لانیکەم بگاتە ١.٨.

لە کۆی ٣٠٠ هەزار ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، تەنیا ٢٠٠ هەزاریان لە کەرتی دەرماندا کار دەکەن.

سەرەڕای ڕاهێنانی ١٨ هەزار دەرچوو لە ساڵێکدا، ساڵی ڕابردوو تەنیا ١٠ هەزار کەس دامەزران و ئەمساڵیش پێشبینیی دامەزراندنی ١٠ بۆ ١٥ هەزار کەس دەکرێت، کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ پێداویستیی ڕاستەقینەدا هەیە.

لە لایەکی ترەوە، مەنسوور گەتمیری ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە ١٠ هەزار دەرچووی زانکۆکانی پزیشکی کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە؛ کۆچی پەرستاران بەهۆی ئاسانتربوونی هەلی کار لە وڵاتانی دەرەوە زیاتر پەرەی سەندووە.

هەروەها، پێدانی مووچە و پاداشتی پەرستاران ٧ مانگە دواکەوتووە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەرزی ڕێکخراوە بیمەییەکان.