وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی بە بڕیارێکی سیاسی و ئاگاهانە ناودێر کرد کە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکانی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لە ئاستی ڕێبەرایەتیی ڕێژیمی ئێراندا دراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە ئاکامی هەڵسەنگاندنێک بەهۆی داماوی بووە.
ماجد ئەلئەنساری، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلعەربیە" ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە، ئێرانی لە دراوسێیەکەوە کە هیوای پەیوەندییەکی ئاسایی لێ دەکرا، گۆڕی بۆ سەرچاوەی هەڕەشە و وڵاتانی ناوچەکەی ناچار کرد لە بەرانبەر ڕەفتارە دوژمنکارییەکانیدا بوەستنەوە.
ئەلئەنساری ئاماژەی بەوە دا کە هێرش بۆ سەر دۆحە لە کاتێکدا بوو کە قەتەر ڕۆڵی نێوبژیوانی دەگێڕا و جەختی لەوە کردەوە کە زیاتر لە ٩٠٪ی هێرشەکان لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی وڵاتانی کەنداوەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
ناوبراو پشتڕاستی کردەوە کە ئەم هێرشانە شادەماریی ئابووریی کەنداو، وەک گازی قەتەر، دامەزراوەکانی ئارامکۆ و بەندرەکانی ئێماراتیان کردووەتە ئامانج و هەناردەی گازی قەتەر بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆزەوە ڕاوەستاوە، بەڵام جەختی کردەوە کە پێوەرە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی هێشتا ئەرێنین.
ئەلئەنساری هەروەها هاواهەنگیی سەربازیی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداوی لەم قەیرانەدا بە بێوێنە وەسف کرد و ڕایگەیاند هەر وڵاتێک بیەوێت بەشێک بێت لەم ناوچەیە، دەبێت ڕێز لە بنەماکانی دراوسێیەتی باش بگرێت.