لە کاتێکدا چوار دەیە بەسەر دامەزراندنی "قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی کوڕان" لە شاری کرماشان تێدەپەڕێت، دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی و زەوتکردنی مافی مامۆستایان، سیمای ڕاستەقینەی سیاسەتی دژەفەرهەنگیی ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەخات.
موزەفەر تەیمووری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئێرشادی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە کە بەشەکانی گرافیک، سینەما و مۆسیقا لەم ناوەندەدا لە سەرەتاییترین کەرەستەی پەروەردەیی بێبەرین و بەهیچ جۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم ناگونجێن.
ناوبراو هەروەها دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی نزمیی حەقدەست و مافی ماندووبوونی مامۆستایان، بارودۆخێکی نالەبار بەسەر دۆخی گوزەرانی مامۆستایاندا سەپێندراوە.
ئەم دانپێدانانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لەجیاتی تەرخانکردنی بودجە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و هونەری لاوانی کورد، بودجەی وڵات بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم و ناوەندە بەکرێگیراوەکانی خۆی سەرف دەکات.
شارەزایانی فەرهەنگی جەخت دەکەنەوە کە بەستنی ڕێوڕەسمی نمایشی و ئاهەنگگێڕان بۆ ساڵیادەکان، تەنیا هەوڵێکە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکان و خەڵەتاندنی ڕای گشتی.
بەهرە و توانای لاوانی پارێزگای کرماشان ساڵانێکە لە سایەی سیاسەتی پەراوێزخستن و دژایەتیکردنی زانست و هونەر لەلایەن ڕێژیمەوە زەوت کراوە و بە بەڵێنی درۆیین چارەسەر ناکرێت.