کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی گاز لە ئێران؛ کورتهێنانی ڕۆژانەی ٥٣٠ میلیۆن میتری سێجا

15:50 - 26 رەزبەر 2726

لە درێژەی داڕمانی ژێرخانی ئابووری و بەڕێوەبەریی ناکارامەی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە وڵات بەدەست کورتهێنانی بەرچاوی گازەوە دەناڵێنێت و هەڕەشەی بڕینی کارەبا و گازی پیشەسازییەکان دەکەن.

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ڕێژیم ئاشکرای کردووە کە کورتهێنانی ڕۆژانەی گازی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ٥٣٠ میلیۆن میتری سێجا.

ناوبراو داوای لە پیشەسازییەکان و بەرهەمهێنەران کردووە کە لە ئێستاوە ڕێکار بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا و گاز بگرنە بەر، بۆ ئەوەی لە حەفتەکانی داهاتوودا تووشی بڕینی بەکۆمەڵ نەبنەوە.

جێگری پزیشکیان لە پەراوێزی پیشانگایەکی نێودەوڵەتیدا دانى بەوەدا ناوە کە ناهاوسەنگیی گازی وڵات لە ساڵی ١٤٠٤دا نزیکەی ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجا بووە و ئیدیعای کردووە کە بەهۆی تێکچوونی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی عەسەلویە، زیاتر لە ٢٣٠ میلیۆن میتری سێجای دیکەش تووشی ئاستەنگ بووەتەوە، کە بەمەش ئاماری کورتهێنانەکە گەیشتووەتە ٥٣٠ میلیۆن میتری سێجا لە ڕۆژێکدا.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدا جەخت لەسەر ئەم ئامارە دەکاتەوە کە هەر خۆی لە ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، کورتهێنانی ڕۆژانەی گازی زستانی بە ١٠٠ میلیۆن میتری سێجا خەمڵاندبوو.

ئەم بازدانە پێنج بەرانبەرییە لە ئامارەکاندا، نیشاندەری بێبەرنامەیی، نەبوونی ڕوونی و بێئاگایی بەرپرسانی ڕێژیم لە کێشە قووڵەکانی ژێرخانی وزەی ئێرانە.