کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانس: تا لەنێوبردنی تەواوی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران، شەڕ بەردەوامە

15:53 - 26 رەزبەر 2726

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە ڕێکارە سەربازییەکان تا لەنێوبردنی تەواوی توانای ئەتۆمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و نەهێشتنی هەڕەشەکانی سەر ئەمنییەتی جیهانی بەردەوام دەبن.

جەی دی ڤانس ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووە، بەڵام ئەم ڕێکارانە دەبێت بەردەوام بن تا دڵنیایی بەدەست بێت لەوەی ڕێژیمی ئێران تواناکانی خۆی سەرلەنوێ بونیاد نانێتەوە و ڕێگری لە ڕوودانی قەیرانێکی جیهانیی وزە دەکرێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پاڵپشتیکاری تێرۆریزم لە جیهاندا، بە هیچ شێوەیەک نابێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و واشنگتۆن داوای بەڵێننامەیەکی درێژخایەن و چاوەدێریکراو لە تاران دەکات تا ڕێگری لە بونیادنانەوەی ژێرخانی پیتاندن بکات.

ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان ئامانجی سەرەکیی ڕێکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە، ڕاستییەک کە دۆناڵد ترامپیش جەختی لەسەر کردبووەوە کە توانای ئەتۆمی لە دەستی ڕێژیم دەرهێنراوە.

ڤانس جەختی لەسەر ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز کردەوە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە قەیرانی وزە و گرانبوونی سووتەمەنی کردووە، لەکاتێکدا ڕێژیمی ئێران کۆنتڕۆڵی خۆی لەسەر ئەو ناوچەیە لەدەست داوە.