کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ١٠ لەسەدیی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا

15:55 - 26 رەزبەر 2726

بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٣ ڕووداوی ئاگرتێبەردان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو پارێزگایەدا تۆمار کراون.

بە وتەی فەرزاد زەندی بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە لەم ماوەیەدا نزیکەی ٥۶٨ هێکتار لە ناوچە سروشتییەکانی پارێزگاکە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون، کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٠٪ زیادبوونی بەخۆوە بینیوە.

ناوبراو زیادبوونی پۆششی ڕووەکی و کەمتەرخەمیی، بە هۆکارە کاریگەرەکانی زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەی ناوچە سروشتییەکان زانیوە.

ئەو قسانەی زەندی لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری لێژنەی ئاماری ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان، لە سەرەتای لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، تەنیا لە لێڕەوار و ژینگەی مەریوان و ناوچەکانی سەوڵاوا، کەڵاتەرزان، سەرشیو، ژاوەرۆ، کۆماسی، خاومیراوا، بەرپلەی ساڵاڵ و جانەوەرە ٢٢٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنە و ئاگرتێبەردان تۆمار کراون.

پێشتریش چەندین جار ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان لە دووتوێی ڕاگەیەندراودا ئاماژەی بەوە دابوو کە "دیاردەی کاولکاریی دارستانەکانی زاگرۆس چەند ساڵە پەرەی سەندووە و بەداخەوە ڕۆژانە دارستانەکانی گوند و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لەنێو دەبردرێن و سامانی سروشتی و گشتیی خەڵکی کوردستان لەلایەن تاقمێک لە کەسانی دژەژینگەوە بە تاڵان دەبردرێ".

هەروەها ئەنجومەنی سەوز چیا چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە کە ''کاولکەرانی نیشتمان دەستیان داوەتە قڕکردنی تەواوی دارستانە چڕ و جوانەکان و ڕۆژانە بە مشاری کارەبایی، سووتان، بڕین و بە ڕێگەی جۆراوجۆر ڕووبەرێکی زۆری ئەو دارستانانە وێران دەکەن و لەهەمبەر ئەم کاولکارییە یاسا، دەسەڵات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگیان هەڵبژاردووە".