کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران و کوردستان

09:23 - 27 رەزبەر 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە کرماشان، شووش، ڕەشت، ئەھواز، تاران و فوولادی ئێسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد و بەگشتی لانیکەم حەوت کۆبوونەوە لەمەڕ داواکارییەکانی بژێوی، دەرمان و بەدواداچوون بۆ  وەرگرتنی ئۆتۆمبیل ڕاگەیەندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، لە کۆبوونەوەی ئەھواز و تاراندا خانەنشینکراوان سەرەڕای ناڕەزایەتی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەرمان و بژێویی ژیان، دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دروشمیان وتووەتەوە.

هەروەها ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی فوولادی ئێسفەهانیش بەرانبەر بە کارایی شیرکەتی بیمەی دانا و نەبوونی چەترێکی گونجاو بۆ خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەم خانەنشینکراوانە داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی پلانی گونجاندنی مووچەیان تا ئاستی ٩٠٪ کردووە.

هاوکات یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران هەواڵی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە خاوەن پسوولەی وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی لاماری لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەردا ڕاگەیاند. ئەم ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە دوای نزیکەی ساڵێک چاوەڕوانی، ئۆتۆمبێلەکانیان پێ نەدراوە.

بە وتەی ناڕازییان، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک، هێشتا ئۆتۆمبێلەکانیان وەرنەگرتووە و بارودۆخی وەرگرتنیان هەروا نادیار و بێسەرەوبەرەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لە ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٢٥٥١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا تۆمار کراوە.