کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو داوای وەرگرتنی قەرەبووی زیانی هێرشەکانی لە کۆماری ئیسلامی کرد

09:24 - 27 رەزبەر 2726

وەزیرانی دەرەوەی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە «بەرپرسیاری تەواوی» هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی ئەو شۆرایە زانی و داوای پێدانی قەرەبووی تەواوی زیانەکانیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی ١٦٨ـەمین کۆبوونەوەی شۆرای وەزیراندا، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، لە مەنامە بە سەرۆکایەتیی عەبدولەتیف بن ڕاشد ئەلزەیانی، وەزیرەی دەرەی بەحرەین، بەڕێوە چوو، هاتووە کە ئەم هێرشانە ناوەندە مەدەنییەکان، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی وڵاتانی ئەندام و ئۆردۆنیان کردووەتە ئامانج.

ڕاگەیەندراوەکە پاساوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردەوە و هێرشی حوسییەکانی بۆ سەر عەرەبستان، لەوانەش هێرش لە نزیک هەر دوو حەرەمی پیرۆزی موسڵمانان و فڕۆکەخانە مەدەنییەکان، مەحکووم کرد.

ئەنجومەنەکە داوای کرد کە حوسییەکان بە گرووپی تیرۆریستی بناسرێن و پشتیوانیکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئەم گرووپە بە مووشەک و دڕۆن کۆتایی پێ بێت.

هەروەها ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی ٢٢١۶ و ٢٧٢٢ی ئەنجومەنی ئاسایش، لەوانە گەمارۆی چەکوچۆڵی کردووەتەوە.

وەزیرانی ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند کە «هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەندام، دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی شۆرای هاوکاری» و مافی بەرگریکردن لە خۆیان لەژێر مادەی ٥١ی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەبیر هێنایەوە.

ڕاگەیەندراوەکە داوای گەڕانەوە بۆ وتووێژ و دیپلۆماسیی کرد، بەڵام ئەوەشی خستە ڕوو کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی، دڕۆنی و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە چەکدارە تێرۆریستییەکان لەخۆ بگرێت.

شۆراکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەندام دەبێت لە هەر دانوستانێکدا کە پرسە ئەمنییەتییەکان دەگرێتەوە، بەشدار بن.

هاوکات ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەسەر کراوەیی گەرووی هۆرمۆز، بابولمەندەب و دەریای سوور کردەوە و داوای کرد دۆخی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە بۆ بارودۆخی پێش ٩ی ڕەشەمە بگڕێتەوە.