کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمنییەتیی باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکاندا

09:29 - 27 رەزبەر 2726

لە ئاکامی ئاژاوەگێڕییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی تاران و گرووپە تێرۆریستییە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا، باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بڵاوکردنەوەی هۆشداریی ئەمنییەتی، داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان کرد کە ئاگاداری ڕەوشی ئەمنییەتی بن.

باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەهۆی هێرشەکانی گرووپی حوسییەکان و مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان، هۆشدارییەکی ئەمنییەتی بڵاو کردەوە و داوایان لە هاووڵاتییانی ئەمریکایی کرد کە وشیاریی خۆیان بەرز ڕاگرن و ڕێکاری خۆپارێزی بگرنە بەر.

لەو هۆشدارییە ئەمنییەتییەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ئەگەری بەرفراوانبوونی خێرای ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەری پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ئاسمانی و ئاستەنگی هاتوچۆ هەیە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و میلشیا بەکرێگیراوەکانی، ڕەنگە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بنکەکان، شیرکەتەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

پشتیوانیکردنی دارایی و چەکداریی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە وەک حوسییەکان، ئەمنییەتی کەشتیوانی و هێڵی ئاسمانیی نێودەوڵەتی خستووەتە ژێر مەترسیی جیددییەوە و ئەمەش نیشان دەدات کە تا ئەو کاتەی ڕێژیمی تاران لە ئاژاوەگێڕییەکانی بەردەوام بێت، ئەمنییەت و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر نابێت.