ڕۆژنامەی فەڕانسەیی "لو پاریزیەن" لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیی گشتگیردا ئاشکرای کرد کە هاوکاتبوونی شەڕ، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، هەناسەی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی بڕیوە و کۆمەڵگەی ٩٣ میلیۆنیی ئێرانی خستووەتە ژێر بارگرانیی هەڵاوسان، هەژاری بەربڵاو و داڕمانی ڕەها.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە و بەپشتبەستن بە ئامارەکانی دامەزراوەی کەشتیوانیی "کێپلێر"، بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لە بەرەبەری ساڵی نوێی زایینی دەگاتە ئاستی سفر.
لەم پەیوەندییەدا "کلمان ترم"، توێژەر لە پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فەرانسە، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەمریکا پەکخستنی ئابووریی ڕێژیمە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٥ هێرشی دەریایی ڕێژیم لە گەرووی هۆرمۆز لە مانگی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا، پەلەقاژەی تارانە بۆ ئاستەنگکردنی هەناردەی وڵاتانی دیکە.
لە ڕەهەندی نێوخۆییدا، هەڵاوسانی سێ ڕەقەمی گوزەرانی خەڵکی وێران کردووە؛ تێچووی بنەماڵەکان لە مانگی سێپتامبری ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٩٠٪ زیادی کردووە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک گەیاندووەتە ١٠٩٪ (نانی و دانەوێڵە زیاتر لە ١٠٠٪، بەرهەمە شیرەمەنییەکان زیاتر لە ۱۴۰٪، گۆشت و مریشک نزیکەی ٢٠٠٪ و ڕۆن ٢٦٠٪).
لەو ڕاپۆتەدا هاتووە کە گۆشت و چێشتە نەریتییەکان لەسەر سفرەکان نەماون، خەڵک بەرەو کڕینی برینج و نانی هەرزانتر چوون و تەنانەت لە هەندێک ناوچە نان بە قەرز دەکڕدرێت.
"شیرین ئەردەکانی" یاسازان لە پاریس، ڕایگەیاندووە کە مەترسیی بەدخۆراکی هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات و کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکان پەکی کەوتووە.
هەروەها دۆخی پارێزگا سنوورییەکان و ناوچەکانی کوردستان بە کارەسەتبار وەسف کراوە، چونکە بەهۆی سیاسەتە جیاوازکارانەکانی ڕێژیمەوە ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی هەژاری و بێکاری بوونەتەوە.
کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکە سەرمایە و سامانی گەلانی ئێران لەپێناو ئاژاوەگێڕیی ناوچەیی و بەهێزکردنی ماشینە سەرکوتکەرەکانیدا بەفیڕۆ دەدات، وڵاتی بەرەو وێرانەیەک بردبووە کە تێیدا خەڵک بەدەست بێهیوایی، هەژاری و ڕەوشی نادیاری داهاتووەوە دەناڵێنن.