لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی ئیلامی، یەکیان سزای بەسەردا سەپا، یەکیان دەسبەسەر کرا و چارەنووسی یەکێکی دیکەشیان نادیارە، لە مەهاباد ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم هاووڵاتییەکی دەسبەسەر کرد و لە کامێران وەرزشوانێک چەندین جار بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، میلاد ئەسەدی، خەڵکی ئاوایی «سەرتەنگ»ی سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ئیلام، سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئیسماعیل سۆفی مینە، هاووڵاتیی تەمەن ۵۴ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا «شەریف ئاشناب»، خەڵکی مەڵکشاییی ئیلام، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، بە لێدان و توندوتیژی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، «سینا پەرویزی»، ٣٨ ساڵە و خەڵکی ئاوایی «ئەڵک» سەر بە کامێران کە وەرزشوان و ڕاهێنەری لەشجوانییە، چەندین جار بۆ ئیدارهی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کامێران بانگ کراوە و گوشاری خراوەتە سەر.
هەروەها بە تێپەڕبوونی ٢ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «عرفان کەرەموەیسی»، ١٩ ساڵە و خەڵکی ئاوایی «پاکڵ گراو» سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.