هاوکات لەگەڵ بە بنبەستگەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەکان و گەشەسەندنی گوشارە ئابوورییەکانی واشنگتۆن، بەرپرسێکی پلەبەرز لە دەزگای بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەگەرە جیاوازەکانییەتی بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، لەوانەش دەستپێکردنی ئەگەری هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن یان نێوخۆی ئیسرائیل.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "جێرۆزاڵم پۆست"، ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا مانۆڕی تارانی بەتوندی بەستووەتەوە و هەوڵەکانی ڕێژیمیش بۆ تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا شکستیان هێناوە؛ بە جۆرێک کە هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان گەڕاوەتەوە ئاستی پێش ئاڵۆزییەکان.
ناوبراو جەختی کردەوە کە داڕمانی بەرچاوی بەهای ڕیاڵ و سەرهەڵدانی قەیرانی بژێوی، گوشارە نێوخۆییەکانی لەسەر دەسەڵاتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل خۆی بۆ سەرجەم سێناریۆکان ئامادە کردووە و حیزبوڵڵاش بە بەشێک لە ئامرازی گوشارەکانی تاران دەزانێت.
هەرچەندە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لێکەوتە و باجی وێرانکەری هەر جۆرە دەستدرێژییەک تێگەیشتوون و ئەمەش بووەتە کۆسپ لە بەرانبەر پەلاماری ڕاستەوخۆدا، سەرەڕای ئەمەش کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ئەم گۆشەگیرییە و بونیادنانەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا تێدەکۆشێت.