ئەنجومەنی سەوزی چیا لەمەڕ بڕیاری وشککردن و وێرانکردنی گۆلی زرێباز، لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکی تونددا، دامەزراندنی کەمپەینی "زرێبار هێڵی سوورمانە"ی ڕایگەیاند و هۆکاری دەسبەکاربوونی ئەو کەمپەینەی بۆ بەرگریکردن لەو کارەساتەی گەڕاندووەتەوە کە بەرۆکی زرێبار و ژینگەی نیشتمانی گرتووە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەوزی چیادا هاتووە کە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی مەریوان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، دەستی کردووە بە هەڵکەندنی بیرێکی قووڵ لەپاڵ زرێباردا، ئەمە لە حاڵێکدایە کە مەریوان یەکێک لە زۆرئاوترین ناوچەکانی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەرە و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، دەیان ڕێکاری تر بوونی هەیە و پێویست ناکا زرێباری پێ کاول بکرێت.
ئەنجومەنی سەوزی چیا، کەمپەینی "زرێبار هێڵی سوورمانە"ی بە یەکێک لە ڕێکارەکانی بەرگریکردن لەو کارەساتەی بەرۆکی زرێبار و ژینگەی نیشتمانی گرتووەتەوە، زانیوە.
ئەو ئەنجومەوە داوای لە خەڵکی کوردستان و شاری مەریوان کردووە کە بە زیادکردنی وێنەیەک لە خۆتان یان زرێبار بەشداری و پاڵپشتیی لەم کەمپەینە بکەن و پەرەی پێ بدەن.
هەروەها داوای ڕاگرتنی خێرای بڕیاری هەڵکەندنی بیری گەورە لەپاڵ زرێباری بە فەرمانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی مەریوان کردووە.
ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاند کە بێگومان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پێویستییەکی حاشالێنەکراوە، بەڵام سەیر ئەوەیە کە لە شارستانێکدا کە تێکڕای بارانبارینی نزیکەی ٩٠٠ میلی میتر لە ساڵێکدایە، بۆ دابینکردنی ئاو کەوتوونەتە گیانی دەریاچەی زریبار؛ کێشەی دابینکردنی ئاوی ئەم ناوچەیە بەهۆی پەرەپێدانی بێبەرنامەی شار و نەبوونی لێکۆڵینەوەکانە کە ئێستا دەیانەوێت زریبار بکەنە قوربانیی ئەو کێشەیە.
بەم بۆنەیەوە ئەنجومەنی سەوزی چیا ناڕەزایەتیی توندی خۆی بەرانبەر بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نایاساییە ڕاگەیاند و بەرپرسانی ڕێژیمی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە و بەردەوامیی ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایانە زانی.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ ڕای گشتی ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە هەموو توانا یاسایی و مەدەنییەکانی خۆی تاکوو وەستاندنی تەواوی پڕۆژەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و جێبەجێکردنی یاسا بەرانبەر بە وێرانکارانی زریبار بەردەوام دەبێت و بێگومان بۆ هەمووان ڕوونە کە زریبار، مرواریی کوردستان، هێڵی سووری خەڵکی ئەم دیارەیە و ڕێگە نادەین بەم شێوەیە بێباکانە و بە ژێرپێخستنی هەموو ڕەچاوکردنە ژینگەییەکان و پێوەرە یاساییەکان بێنە گیانی میراتی سروشتیی ئێستا و داهاتووی نیشتمانەکەمان.