لە دەستپێکی مانگی ڕەزبەرەوە، لانیکەم ١٥ ژن و کچ لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون، کە هەندێکیان بە دەستی هاوسەر، برا یان خزمەکانیان گیانیان لەدەست داوە و ئەم ڕووداوانە نیشانی دەدەن کە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی هۆکارن بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بکەونە مەترسییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "هێرانا"، ئەم کوشتنانە لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراون و ناکۆکیی خێزانی و دارایی، داوای جیابوونەوە، بەدگومانی و هۆکارە ناونراوەکانی "نامووسی" لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کوشتنانە بوون.
لە هەندێک حاڵەتدا، ژنان تەنیا بەهۆی بڕیاردان لەسەر جیابوونەوە یان ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ژیانی هاوبەش بوونەتە ئامانجی توندوتیژی.
لە حاڵەتەکانی دیکەشدا، ناکۆکی لەسەر بابەتە داراییەکان، بەدگومانیی هاوسەر یان برا و پاساوە پەیوەندیدارەکان بە "نامووس" وەک هۆکاری کوشتن هێنراونەتە ئاراوە.
هەروەها هاوسەرگیریی تەمەنی منداڵی و توندوتیژی لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکاندا، لە ڕەهەندە نیگەرانکەرەکانی ئەم کەیسانەن.
دووبارەبوونەوەی ئەم کوشتنانە، جارێکی دیکە بێپەنایی ژنان و لاوازیی پشتگیرییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی زەق کردووەتەوە.
یاسا هەڵاواردنکارەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە یاساکانی تایبەت بە باڵادەستی پیاو لە بنەماڵەدا و ڕێگەپێدانی هاوسەرگیریی کچانی ژێر ١٣ ساڵ بە مۆڵەتی سەرپەرست و بڕیاری دادگا، ژینگەیەکییان دروست کردووە کە ڕێگری لە سەربەخۆیی و یەکسانیی ژنان دەکات.
لە نەبوونی پاراستنی کاریگەر و سیستەمی پێشگیرانەی پێویستدا، توندوتیژیی خێزانی بەردەوام گیانی ژنان و کچان دەخاتە مەترسییەوە؛ دۆخێک کە گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردنی یاسایی، پێشگرتن لە توندوتیژی و دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی ژنان زۆر زیاتر لە پێشوو دەسەلمێنێت.